حەمید عەزیزی، مامۆستای قوتابخانەکانی کامێران دەسبەسەر کرا
15:15 - 16 سەرماوەز 2724
ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣، حەمید عەزیزی، مامۆستای گوندەکانی "پاڵنگان" و "گازرخانی"ی کامێران پاش بانگکران بۆ حیراسەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم مامۆستا کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ئەم مامۆستا کوردە بێ ئاکام بووە و سەرەڕای تێپەربوونی چوار ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
حەمید عەزیزی دەرچووی دوکتورای زانستی پێوەندییەکان و میدیا لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تارانە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا کوردە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.