ڕێوڕەسمی زاگرۆسانەی مەهاباد بە بڕیار و هەڕەشەی دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعات و شارەوانییەوە هەڵوەشایەوە
ڕێوڕەسمی زاگرۆسانە کە نزیکەی دوو حەفتەیە لەسەر بانگەوازی دەیان ئەنجومەنی ژینگەپارێزی لە کوردستان دەستی پێ کردووە، لە مەهاباد لەسەر بڕیار و هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵ لەلایەن ئیتلاعات و شارەوانییەوە هەڵوەشایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لەکاتێکدا کە چالاکانی ژینگەپارێزی پێشتر بۆ بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە لە مەهاباد مۆڵەتیان لە شارەوانی وەرگرتبوو و هاواهەنگی و ئامادەکاریی پێویستیان کردبوو، ئەم مۆڵەتە لەلایەن شارەوانییەوە هەڵوەشایەوە و ئیتلاعات لە پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی ژینگەپارێزیدا پێی وتوون کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و بەشداری لە شوێنە دیاریکراوەکاندا بە شێوەی بەکۆمەڵ دەسبەسەر دەکرێن.
ڕێوڕەسمی زاگرۆسانەی مەهاباد بڕیار بوو ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣، کاتژمێر ٩ی بەیانی لە شوێنەکانی وەک پارکی مامۆستا هەژار، ڕێگای پیرانشار- مەهاباد و ... بەڕێوە بچێت.
ڕێوڕەسمی زاگرۆسانەی کوردستان کە هەموو ساڵێک لە کوردستان بەڕێوە دەچێ، ئەمساڵ لەسەر بانگەوازی دەیان ئەنجومەنی ژینگەپارێزی لە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ دەستی پێ کرد و تاکوو ئێستا لە دەیان شاری کوردستاندا بەڕێوە چووە.
لە بانگەوازی ئەم ئەنجومەنانەدا هاتووە کە ئەمە بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی ژینگەی زاگرۆس و هەموو ساڵێک بە ئامانجی ئاگایی بەخشین، پەرەدان بە فەرهەنگی ژینگەیی و مانەوەی زاگرۆس بەڕێوە دەچێ تاکوو هەتوانێک بۆ زامەکانی زاگرۆسی ئازیزمان بێت.
لە "زاگرۆسانە"دا دەنکی دارەکانی وەک بەڕوو، وەن، گۆیژ، بادام و جۆرەکانی دیکەی تایبەت بە زاگرۆس بەپێی ژینگەی هەر ناوچەیەک دەچێندرێن.