بۆکان؛ ڕەشید ڕەحیمی بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

20:54 - 9 سەرماوەز 2724

ڕەشید ڕەحیمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ڕەشید ڕەحیمی ڕاگەیەندراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوبراو دەبێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکاندا ئامادە بێت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.