محەممەد ڕەسووڵپوور بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بە بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا

20:00 - 26 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری شنۆوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" بە تۆمەتەکانی "پێوەندی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و ئەم سزایە بە پشتبەستن بە بڕگەی ٤٤٢ی یاسای دادڕەسیی کەیفەری بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکرام گۆڕدراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی محەممەد ڕەسووڵپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ و دەسبەسەریان کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١٣٥١ ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.