گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە؛ درێژەی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی فەرشاد شوکروڵڵا سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٨ ڕۆژ
٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی فەرشاد شوکروڵڵا هاووڵاتیی خەڵكی سەقز، ناوبراو هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ فەرشاد شوکروڵڵا ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەقز دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەربوونی ٤٨ ڕۆژ چارەنووسی نادیارە.
سەرچاوەی کوردپا وتی: لەم ماوەیەدا بەدواداچوونی بنەماڵەی شوکروڵڵا لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سەقز و سنە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان وڵامێكیان پێ نەداوەتەوە.
ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، فەرشاد شوکروڵڵا دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سەقز دەسبەسەر کرا. لە کاتی دەسبەسەکرانی ناوبراودا هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو لەوانە، مۆبایل و لەپتابەکەیدا گرتووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەوەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.