سەقز؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی میلاد ڕەشیدی
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی میلاد ڕەشیدی، هاووڵاتیی خەڵكی سەقز، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادر، ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە کاتێکدا کە خەریکی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی بووە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان هێرش دەکەنە سەر ماڵەکەی و دەست بەسەر هەندێ کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراودا دەگرن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: میلاد ڕەشیدی بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ئینستاگرامەکەی خۆی سەبارەت بە "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بوووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی بێ ئاکام بووە.
میلاد ڕەشیدی تەمەنی ٢٩ ساڵە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە.