سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی شەهاب و مێهرداد تەیمووری لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سیشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی "مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری" کوڕی حوسێن و خەڵكی سەرپێڵ زەهاو و دانیشتووی مەلاردی کەرەج لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو برایە ڕۆژی سێشەممە لە ژووری تاکەکەسییەوە بۆ شوێنی جێبەجێکرانی سزاکانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزراون و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دادوەری و بەرپرسانی بەندیخانەکە بە ئامێری گیووتین سزای بڕینەوەی قامکەکانیان جێبەجێ کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش جێبەجێکرانی سزاکە، ئەم دوو برایە بە مەبەستی تێپەڕاندنی قۆناغەکانی چارەسەری، بۆ بەشی وەرگرتنی بەندکراوانی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ ڕاگوێزران و تاکوو ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەم دوو برایە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی ئەم سزایە کە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢٤ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد کەرەمی" و ڕاوێژکاریی "ئەحمەد سیاوەش پوور" دەر کراوە و ڕاگەیەندراوە، ئەم دوو بەندکراوە بە تۆمەتی "دزیکردنێک کە سزای حەدی بە دواوە دەبێ" بە بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستیان لە بنەوە بە شێوەیەک کە تەنیا قامکی دۆشاومژە و ناوپەلیان بمێنێتەوە، گەڕاندنەوەی سامان وەکوو خۆی و لە ئەگەری نەمانی ئەو سامانەدا، پارەی سامانە دزراوەکە ڕادەست بکەنەوە، سزا درابوون.
ئەم دوو برایە پێشتر لەگەڵ ئیبراهیم خەتیبی لەلایەن لقی ١ی دادگای کەیفەری یەکی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێوە بە بڕینەوەی ٤ قامکی دەستی ڕاست و گەڕاندنەوەی سامانی دزراو سزا درابوون کە سزای ئیبراهیم خەتیبی لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشایەوە و ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا و ئیبراهیم خەتیبی لەلایەن لقی هاوتەریبەوە بە ٢٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ٩٨، کۆبوونەوەی دادگای سەرەتایی ئەم سێ بەندکراوە لە لقی یەکی دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر سێکیان بە تۆمەتی "دزیکردن" بە بڕینەوەی قامکی دەستی ڕاست مەحکووم کران. بە ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری دیاریکراو سەبارەت بە حوکمەکە، دۆسییەکە بۆ لقی ٢٤ی دیوانی باڵای وڵات نێردرا و خاکەلێوەی ١٣٩٩ دیوانی باڵای وڵات لە بڕیاری کۆتایی خۆیدا، سزای ئیبراهیم خەتیبیی هەڵوەشاندەوە و سزای بڕینەوەی قامکی مێهرداد و شەهاب تەیمووری پشتڕاست کردەوە.