حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە لەسێدارەدران سزا درا

01:19 - 12 رەزبەر 2724

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "سگریک" سەر بە شاری چاڵدێران لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم سزایە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەاند: ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە سنووری چاڵدێران لەلایەن هێزە سنوورییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی سەر سنوورەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیدانانی زۆرەملێ لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری لە دەرگیریی چەکدارانەی حیزبی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ هێزە سنوورییەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و بە زۆر ناچار بە واژۆکردنی کاغەزگەلێک کراوە کە لێپرسە ئەمنییەتییەکان پێشتر ئامادەیان کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ تەنیا دوو جار پێوەندیی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەی ڕەوتی دادڕەسیی دۆسییەکەیدا بە هۆی دژایەتیی وەزارەتی ئیتلاعات لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و دادگا بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکان و بەڵگەکان ئەم بەندکراوە سیاسییەی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان بە لەسێدارەدان مەحکووم کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی : حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردوونەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی دەرگیریی هێزەکانی سەر سنوور و حیزبی کرێکارانی کوردستاندا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەفەر لە تورکیە بووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وتیشی: وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسییەسازییەکەدا دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە بێ هیچ بەڵگەیەک ڕایگەیاندووە کە بە سەرنجدان بەوەی کە برای هاوسەرەکەی، مستەفا نووری لە ساڵی ١٣٩٤دا لە کاتی کاسبکاری لە سنووری جاڵدێران بە تەقەی هێزە سنوورییەکان کوژراوە، ناوبراو ڕقی لە هێزەکانی سەر سنوور بووە و بەم پێیە لە دەرگیریی نێوان هێزە سنوورییەکان و حیزبی کرێکارانی کوردستاندا هاوکاریی ئەم حیزبەی کردووە.

دادوەر نەجەفزادەش بە بێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ناوبراو لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە پشتبەستن بە "زانستی دادوەر" سزاکەی دەرکردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە بەندی وەرگرتنی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە و بەرانبەر بە سزای دیاریکراوی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسییەکە بە مەبەستی چاولێکردنی دووبارە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤، باوکی سێ منداڵە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی لە سنووری جاڵدێران کاری کردووە.