سزای لەسێدارەدرانی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا

01:09 - 21 رەزبەر 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی "بورهان ئەنساری" کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "قەرەقاچ" سەر بە شاری ورمێ و "ئەسعەد فەرهەنگ" کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی سەقز لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بورهان ئەنساری نزیک سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سزای لەسێدارەدانی "ئەسعەد فەرهەنگ" بە بێ ئاگاداری و ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی جێبەجێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەسعەد فەرهەنگ نزیکەی ٩ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.