مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی ڕامیار ئەبووبەکری، برای زانیار ئەبووبەکری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

12:20 - 13 خەرمانان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانی ١٤٠٣، مێرمندالێکی کورد بە ناوی "ڕامیار ئەبووبەکری" تەمەن ١٦ ساڵ و برای زانیاری ئەبووبەکری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ڕامیار ئەبووبەکری و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ڕامیار ئەبووبەکریدا، دایک و باوکی ناوبراویشیان داونەتە بەر لێدان.

هەتا کاتی بڵاوبووونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ڕامیار ئەبووبەکری زانیارییەک دەست نەکەوتووە.