شنۆ؛ محەممەد ڕەسووڵپوور بە دووساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

23:53 - 6 رەزبەر 2724

محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "پێوەندی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی محەممەد ڕەسووڵپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ و دەسبەسەریان کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١٣٥١ ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.