سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا

12:04 - 1 رەزبەر 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش بانگکران بۆ بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

سەیاد دەرویشی پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، سەیاد دەرویشی پاش نزیکەی دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە توندی ئەشکەنجە دراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

سەیاد دەرویشی لەو ماوەیەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ناوەڕاستەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی سەیاد دەرویشییان لە یەکێک لە شەقامەکانی ورمێ دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێیان ڕاگواست.

شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "بالوو" لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارۆچکەی وەلیعەسری ورمێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.