دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛ مانگرتن مافی ڕەوای خەڵکە و سەرکوت و بێدەنگکردنی خەڵک لەلایەن حکوومەتەوە مەحکوومە

21:43 - 24 خەرمانان 2724

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ هاوکاتە لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە ناڕەزایەتی بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا  ئەمینی خاڵی دەسپێکی بوو؛ بزووتنەوەیەک کە هەڵقوڵاوی ساڵانێک سەرەڕۆیی، سەرکوت و هەڵاواردنی حکوومەتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕەگەز، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ئێتنیک و ئەوانی تر بوو. سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا "جینایەتی مرۆیی"خولقاند و "سەرکوتی کۆنتڕۆڵکەر، سیستماتیک و ترسهێنەر"مان هەتا ئێستاش بە شێوەی جیاواز بینی؛ بەڵام داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوە و بە ئاکامگەیاندنی بووەتە خواستی سەرەکیی خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنی، چونکە ئەم مانێفیست و میراتە خەباتکارانەیە، کۆمەڵگەی گەیاندووە بە خاڵێکی وەرچەرخانی بەنرخ لە ڕاستای تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و پێویستیی بە فەرمی ناسینی جیاوازییەکان و زۆرینەییەکان و هەروەها دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، سەرەڕای پەرەسەندنی سەرکوتکارییەکان، دەسبەسەرکرانەکان، گوشارەکان و هەڕەشەکان دژی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و بە ئەمنییەتیکردنی کەشی شارەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی پێشگرتن لە هەر چەشنە وەبیرهێنانەوەی هێماکانی ئەم بزوووتنەوەیە و جووڵەی خەڵک، تاکوو ئێستا چەندین بەیاننامە لەلایەن چالاکان، گرووپەکان و ڕێکخراوە مەدەنی- سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری لەم ڕۆژەدا بڵاو کراوەتەوە.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە کەشی شارەکانی کوردستان بەتوندی ئەمنییەتی و مێلیتاریزە کراوە و دەزگای سەرکوت چەندین حەفتەیە کە دەستی بە جێگیرکردن و دانانی خاڵی پشکنین، دانانی کامێرای نوێ لە شارەکان و گۆڕستانەکان، چرکردنەوەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان، بانگکردن و هەڕەشە لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و هەروەها کۆنتڕۆڵی خەڵک لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان لە ئاستێکی گشتیدا کردووە. بە سەرنجدان بەم کەشە ئەمنیەتییە تۆقێنەرە، کۆمەڵگەی سیاسی_مەدەنیی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم خەباتە و جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دەسکەوتەکانی، مانگرتنی سەرتاسەریی لە ماوەی قۆناغی ترسێنەری ئێستادا، وەکوو یەکێک لە ڕێگاکانی درێژەدان بە بزووتنەوەکەی خۆی هەڵبژاردووە.

بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بەپێی بەڵگە مەیدانییەکان و سیاسەتی ڕابردووی حکوومەت ڕایدەگەینێ کە خەڵک لە کاتی بێبەریبوون لە مافی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە و بێدەنکگردن و سەرکوتی حکوومەتیدا، پەنا بۆ مافی بەڕێوەبردنی مانگرتن وەکوو یەکێک لە ڕێگاکان بۆ درێژەدان بە داخواز و داواکارییە ئازادیخوازانەکانیان دەبەن و بۆ مافی بەڕێوەبردنی دووهەمین ساڵوەگەڕیش تاکوو ئێستا زۆربەی کۆمەڵگەی سیاسی_مەدەنیی ئێران و مافخوازەکان سەرکوت کراون، بەم هۆیەوە بە سەرنجدان بە سیاسەتەکانی حکوومەت، سەبارەت بە چڕکردنەوەی سەرکوتەکان و بێدەنگکردن لە ئەگەری بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری و دوای ئەوەشدا هۆشداری دەدات.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، کەشی ئەمنییەتی و سەرکوتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە خەڵكی لە ئازادیی ڕادەبڕین، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، چوونەسەر مەزاری گیانلەدەستداوان و درێژەدان بە مافخوازی بێبەری کردووە، مەحکووم دەکات. کوردپا هەموو ئەم مافانە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان بۆ خەڵكی ستەملێکراو بە دەستی کۆماری ئیسلامییەوە بەفەرمی دەناسێت و پشتیوانی لە هەر چەشنە مافی مانگرتن و کۆبوونەوەیەک دژی سیستەمی سەرەڕۆ و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕێوشوێنی مافی مرۆڤی دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بە سەرنجدان بەوەی کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و لە کاتی مانگرتنە خەڵکییەکان لە کوردستاندا، بێنەری هەڵسوکەوتی سەروویاسایی و سەرکوتکەرانە لەگەڵ بازاڕییان و مانگرتووان لە پۆلۆمپ کردن و داخستنی دووکانەوە هەتا کردنەوەی دۆسییەی ئەمنییەتی، سزادران بە پێبژاردنی سزای نەختی و سەپاندنی گوشاری ئابووری و هەڵاوسان  بۆ سەر بازاڕ و بازاڕییان لەلایەن باسکە ئابوورییەکانی حکوومەتەوە بووە؛ وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە سەرکوتی حکوومەتی کە هەڵاوسان و گرانیی لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە دواوە دەبێت، پابەندە بەوەی کە بەپێی ڕێوشوێنە مافی مرۆییەکان بپەرژێتە سەر ئەم حاڵەتانەی سەرکوتکارییە و هەروەها خوازیاری ئەوەیە کە تێچووی ئەم سەرکوتانە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر بکرێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بە سەرنجدان بە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین، میدیا، ناوەندە مافی مرۆییەکان و ڕۆژنامەوانە سەربەخۆکان لە ئێران کە سەرکوتی دەنگی مافخوازانەی خەڵک و نکۆڵیکردن لە دۆخی هەنووکەییە، بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە دەرەوەی ئێران دەنگی داواکاریی ڕەوای خەڵک بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت. هەروەها هۆشداری دەدات کە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی و سەرکوتی دەنگی مافخوازی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەموو کاتێکی تر لە ئێراندا زۆرتر بووەتەوە.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوت و بێدەنگکردنی سیستماتیکی حکوومەتی کە بە دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووە قۆناغێکی توندترەوە و لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی ئەم بزووتنەوەیدا زۆرتر بووەتەوە، مافخوازیی خەڵک بە هەر شێوازێک بەفەرمی دەناسێت و ڕایدەگەینێت کە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێران چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆ بۆ پاڵپێوەنان بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە تاکوو بەم شێوەیە خواستی ئازادیخوازیی خەڵک و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینیان بە دەستی خۆیان دابین بکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا

٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ _ ١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٤