بانگکرانی ژمارەیەک لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بۆ لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە

05:45 - 24 خەرمانان 2724

لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، نەسرین کەریمی، فاتمە زەندکەریمی، محەممەدڕەزا مورادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غیاس نێعمەتی، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی میرزایی، کوورش عێزەتی ئەمینی، فەیسەڵ نووری، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی، لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بانگی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە سێنفییانە پێنج ڕۆژ پاش وەرگرتنی بەڵگەی دادگا دەبێ بە مەبەستی ئاخرین بەرگری لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئامادە بن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە سێنفییانە، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی وڵات، پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و تێکدانی ئاسایشی گشتی" ڕاگەیەندراوە.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، لە کاردانەوە بە بانگکرانی ئەم چالاکە سێنفییانە ڕایگەیاند: "ئەم هەوڵە سەرکوتکارانە و هەوڵی بەردەوام بۆ بێدەنگکردنی دەنگی مامۆستایان و چالاکە سێنفییەکان بەتوندی مەحکووم دەکات و جەخت لەسەر مافی مامۆستایان بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، ناڕەزایەتیدەربڕین و چالاکیی سێنفی دەکاتەوە. ئەم شۆرایە خوازیاری کۆتاییهێنان بە سەرکوتکارییەکان و دادگاییکرانە نادادپەروەرانەکان و هەروەها بەجێهێنانی مافی سێنفیی مامۆستایانە."

زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی و چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مافی سێنفیی خۆیان، لەوانە سەربەشی پلەبەندی بێبەری کران.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەدان دۆسییە بە تۆمەتە جیاوازەکان بۆ چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە لێژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە، بە هاوکاریی بەرپرسانی قەزاکان و حەراسەتی ئەم ئیدارەیە کراوەتەوە.