سزای بەندکرانی ئومید ئەحمەدرەش، پاش چەند مانگ دەسبەسەرکران بە بێ مورەخەسی بۆ «رای باز» گۆڕدرا

23:59 - 11 خەرمانان 2724

سزای بەندکرانی ئومید ئەحمەدڕەش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار کە پێشتر بە ١٠ مانگ بەندکران سزا درابوو، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ، بە «رای باز» گۆڕدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی چەند مانگ دەسبەسەرکرانیدا، لە بەندیخانەی نەغەدە لە مافی وەرگرتنی مورەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، ئومید ئەحمەدڕەش پاش بانگکران بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکوی بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

پێشتر ئومید ئەحمەدڕەش، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ناوبراو پووشپەڕی ١٤٠٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاس ماوەیەک لێپرسینەوە لە گرتنگە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئومید ئەحمەدڕەش، خەڵکی گوندی "لکبن" سەر بە شاری پیرانشارە.