ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بێدەنگیی تەواودا لە سێدارە درا

11:18 - 16 گەلاوێژ 2724

ئەمڕۆ سیشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان و بە بێ مافی ئاخرین چاوپێکەوتن و لە بێدەنگیی تەواودا لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەسێدارەدانی ئەم ناڕازییە لە بێدەنگیی تەواودا و بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و مافی ئاخرین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە و دۆخێکی ئەمنییەتی بە سەر شاری سەحنەدا زاڵە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری دادگای کەیفەریی کرماشان کرا.

پێشتر نۆسخەیەک لە دادنامەی پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵات، بە دەستی کوردپا گەیشتبوو، کە ئەم لقەی دیوان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد بارانی"، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی و بۆچوونی پزیشکیی، پزیشکی دادوەریی شاری سەحنە، حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

لە دادنامەکەی دیوانی باڵای وڵاتدا، هاتبوو؛ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە بەستراوەتە بە ئیزنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە.

ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.

ئەم ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە ئاماژە بە دەرکرانی حوکم بە بێ سەلماندنی تاوان دژی ڕەزا ڕەسایی، سەبارەت بە دۆسییەی ناوبراو دەڵێ: دەسبەسەکرانی سەرەڕۆیانە، دەسپێڕانەگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە پارێزەر، دەسپێڕانەگەیشتننی ناوبراو بە دۆسییەکەی، ئەندازیاریکردنی بیری گشتی، ناڕوونیی شاهێدەکان و بەڵگەکان، کەڵکوەرگرتن لە شاهیدی درۆیین وەکوو تاوانبار و هاندانیان دژی یەکتر و هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری ناداداپەروەرانەبوونی ڕەوتی دادڕەسی و ڕووننەبوونەوەی ڕاستییەکانە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ناوبراو، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بووە و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کرا.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا و سەرلەنوێ پاش ٢١ ڕۆژ، لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی ئەم شارە کرابوو.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کوردی کۆمەڵگەی یارسانی شاری سەحنە کە  ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بوو، دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی جەنگی، توندوتیژیی بەدوادا هات. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەم پێوەنددییەدا ڕایگەیاند؛ "لەم توندوتیژییەدا دەیان کەس دەسبەسەر کران و چەندین کەسیش کوژران و بریندار بوون کە بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری سەحنە، یەکێک لە کوژراوەکانە."

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەم دۆسییەیەدا، ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەید ڕەسووڵ ڕەزەوی، سەید مەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقی منجوق، پووریا منەتی منجوق تەپە و شەجامع منەتی منجوق تەپە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" لە ڕێگەی هەرانانەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، لە کاتێکدا کە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەشێوەی هێمنانە و بە وتنەوەی دروشمی خەڵکی و مەحکوومکردنی کوشتار و سەرکوتی خەڵک درێژەی هەبوو و هێشتا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەوەی کە بۆچی هێزە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان ئەم ڕێوڕيسمەیان تووشی توندوتیژی کرد، لەگۆڕێدایە، دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی، نیشاندەری دۆسییەسازیی ئەمنییەتی دژی خەڵک و درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادییە.