بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە بەندیخانەی ئێڤین

01:00 - 6 خەرمانان 2724

موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان هێشتا دەسبەسەرە و لە بەشی ئامۆژگاریکردنی ژمارە ٤ی بەندیخانەی ئێڤینە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە سێنفییە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە دادگا بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو ٥٠٠ میلیۆن تمەنی وەک بارمتە دیاری کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش دابینکردنی بارمتەکە و ئەنجامدانی کاروباری ئیداری، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد دەکرێ.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان پاش بانگکران بۆ پۆلیسی فەتا لە سنە، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە سێنفییە و ماڵەکەیان پشکنیوە.

ئەم چالاکە سێنفییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١یش بە بێ بەلگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

موختار ئەسەدی پێشتر بە حوکمی دەزگای دادوەری و لێژنەی سەرپێچییەکان، ماوەی دوورخرانەوە و بەندکرانی تێپەڕاندووە و لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، مووچەکەی لێ بڕدرا و دواتریش بەشێوەی زۆرەملێ خانەنشین کرا.