بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەنیژە خۆشنوود
مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم ژنە کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە بۆکان و ورمێیان کردووە بەڵام وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مەنیژە خۆشنوود لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: ناڕوونیی چارەنووسی مەنیژە و بێئاگابوونی بنەماڵەکەی لە دۆخی، نیگەرانیی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ناوبراوی زۆرتر کردووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، مەنیژە خۆشنوود، ژنی کوردی تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.
تاکوو ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی مەنیژە خۆشنوود نادیارە.