ئازادیی کاتیی سەردار شاهمورادیان لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژینا بە دانانی بارمتەی ٧ میلیاردی پاش ١٨ مانگ دەسبەسەر کران

22:48 - 22 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سەردار شاهمورادیان خوێندکار و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، پاش ١٨ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٧ میلیاردی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارە کوردە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١١ی بەفرانباری ١٤٠١ لە شوێنی کارەکەی خۆی و بە توندوتیژی و لێدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەردار شاهمورادیان، کەیوان زەندکەریمی، ئارام ئازاد و هووشەنگ چوارگورگە چوار هاووڵاتیی خەڵکی سنە بوون کە لە ماوەیەکی زەمەنیی نزیک بە یەکدا دەسبەسەر کران و ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە کوشتنی یەکێک لە هێزە ئینتیزامییەکان دەسبەسەر کراون.

بەوتەی سەرچاوەی کوردپا، سەردار شاهمورادیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا لەژێر سەختترین ئەشکەنجە و لێپرسینەوەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە.

ئەشکەنجەکان لە ئاستێکدا بوون کە لە کۆبوونەوەی یەکەمی دادگادا پاش تێپەڕبوونی چەند مانگ، دادوەر بە سەرنجدان بە ئاسەوارەکانی ئەشکەنجەکە، ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کردووە.

ئاسەواری شکانی دەس، ڕان و قاچ، شینهەڵگەڕانی زۆری لەش و دەموچاو، ڕەشبوونەوەی نینۆکەکانی لاق لە کاتی دیداری سەردار لەگەڵ بنەماڵەکەی لەسەر جەستەی ناوبراو بینراون .

لەلایەکی ترەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی ئەم چوار کەسەیان ڕاگەیاندووە کە حوکمی منداڵەکانیان "موحاربە و بەشداری لە کوشتنی هێزێکی ئینتیزامی" بووە. بنەماڵەکانیش بۆ بەمیدیایی نەکردنی ئەم دۆسییانە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە تا چەند مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەردار شاهمورادیان، دادگا ئیزنی دەستێوەردانی پارێزەر، جگە لە پارێزەرێک کە لەلایەن دادگاوە دیاری کرابێتی بە بنەماڵە و سەردار نەدابوو.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ سەردار شاهمورادیان، تەنیا یەک کۆبوونەوەی دادگایی لە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، دژی ناوبراو بەڕێوە چووە. هەروەها سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە، بەم حاڵەشەوە ناوبراو بۆ دروستکردنەوەی "شوێنی تاوان" بۆ دەرەوەی بەندیخانە ڕاگوێزرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، تاکوو ئێستا بەڵگەی پێویست یان بەڵگەیەک لەمەڕ بەشداریی ئەم کەسانە لە تۆمەتی کوشتن نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و ناڕوونیی چارەنووس و خستەژێر گوشاری بەندکراوان و بنەماڵەکانیان، مەبەستی دۆسییەسازییان بۆ ئەوان هەبووە.

پێشتر کەیوان زەندکەریمی و ئارام ئازاد بە بارمتەگەلی میلیاردی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرابوون.