بۆکان؛ پەخشان نەبیزادە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

21:17 - 19 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، پەخشان نەبیزادە، ژنی کوردی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

پەخشان نەبیزادە سەرەتاکانی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکیک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بۆکان ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.