سەردەشت؛ شۆڕش ئەبووبەکری لە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسرا

01:07 - 15 پووشپەڕ 2724

شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە "شۆڕەسوار" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەحمەت ئیسماعیلی" لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شۆڕش ئەبووبەکری، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەردەشت بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرا.

نیوەشەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان کە چەکداریش بوون، بە توندوتیژییەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی شۆڕش ئەبووبەکری و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێیان ڕاگواست.

شۆڕش ئەبووبەکری ئامادەکار، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی سەردەشت لە بواری ئەدەب و هونەرە. ناوبراو فێرگەیەکی مۆسیقا بە ناوی "ئاوای کورد"ی لە سەردەشت هەبوو کە ٦ ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتەکەی هەڵوەشایەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە دوایین گرتەی ڤیدیۆییدا کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بە زمانی کوردی و ڕۆژێک پێش لە دەسبەسەرکرانی بڵاوی کردبووەوە، باسی لە بەربەستە حکوومەتییەکان و هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی لە بواری هونەر و وێژەی کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کردبوو.