سزای لەسێدارەدرانی کامران شێخە لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا

00:48 - 5 گەلاوێژ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی کامران شێخە، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد، پاش زیاتر لە ١٤ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، کامران شێخە پاش ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ کرا.

ڕۆژی شەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ٦ بەندکراوی دیکە کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵی هەبوو، بە بێ بەڵگە لە بەندیخانەی قزڵحەسارەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد پاش ١٤ ساڵ بەندکران و ١٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی لەحاڵێکدا کە مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدرا جێبەجێ کرا کە پارێزەرەکەی داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی کردبوو و بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە دابڕگە بهینرێتە دەرەوە.

سزای لەسێدارەدرانی ٥ کەس لەو کەسانە کە لە لەگەل ناوبراو دۆسییەی هاوبەشیان هەبوو بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ماوەی ٧ مانگدا جێبەجێ کراوە.

کوردپا لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا ڕاپۆرتیکی سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ئەم ٧ بەندکراوە بڵاو کردەوە.