ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی لەدەست دا

16:38 - 3 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "کانیشە" تووشی سووتان ببوو، گیانی لەدەست دا.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "کانیشە"ی کامێران تووشی سووتانی ٨٠ لەسەدیی جەستەی بوو و بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزرا.

ئیسماعیل کەریمی، کارمەندی سەرچاوە سروشتییەکانی کامێران، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

ڕۆژی دووشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٣، دارستانەکانی "کانیشە" سەر بە شاری کامێران تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و ئیسماعیل کەریمی کە لەگەڵ چالاکانی دیکە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە چووبووە ئەم ناوچەیە، تووشی ئەم ڕووداوە بوو.