سێ حاڵەتی خۆکوژی و خۆسووتاندن لە پیرانشار، ورمێ و جوانڕۆ

16:29 - 3 گەلاوێژ 2724

٣ی گەلاوێژ ١٤٠٣؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی جوانڕۆ، ورمێ و پیرانشار، سێ حاڵەتی خۆکوژی و خۆسووتاندن کە بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی دوو پیاو و ژنێکی لاو تۆمار کراون.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ژنێکی لاو بە ناوی "دیانا ڕەحمانی" سەڵت و خەڵکی جوانڕۆ پاش تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ لە خۆسووتاندنەکەی بە هۆی زۆریی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

هەروەها یەکی گەلاوێژی ١٤٠٣، خوێندکارێكی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "ئەبووبەکر ڕەحیمی" تەمەن ٢٠ ساڵ و سەڵت لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران بە خۆفڕێدان لە باڵەخانەیەکەوە هەوڵی خۆکوژیی دا و گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەتاکانی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی "شۆڕش عەلیاری" لە ڕێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری خۆکوژیی ئەم کەسانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ بەگشتی ٢٩ ژنی کورد هەوڵی خۆکوژییان داوە کە ٧ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە. هەروەها ٤٥ پیاویش هەوڵی خۆکوژییان داوە کە دوو کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی تێکهاڵاو لە دۆخی کۆمەڵایەتی_ئابووری_سیاسییە کە بە هۆی لە پەراوێزخستن و دواکەوتووهێشتنەوەی لەلایەن حکوومەت، دەرفەتەکان و گەشە، جووڵەی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی لە مرۆڤەکان دەستێندرێتەوە و لەم دۆخەدا مرۆڤەکان پەروەردە و ئاگایی پێویست بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئازار و کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەدەست ناخەن.

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەت لە ڕاستای ڕوانینی ئەمنییەتی و ئەوی تری بۆ کوردستان هەوڵ دەدات خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەکوو فەرهەنگ جێگیر بکات و نیشان بدات کە کێشە لە فەرهەنگی کوردەکانە؛ لەحاڵێکدا کە فەرهەنگ پرسێکی پێوەندیدار بە دۆخی کۆمەڵگەیە و لە وڵاتانی ئاساییدا بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەکردنی لە بەرچاو دەگیرێ.

ئەم خوێندنەوەیە نە بە مانای نكۆڵیکردن لە سونەتە نادروستەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، بەڵکوو لە ساڵەکانی ڕابردوودا ژنان و چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی بە دەستی بەتاڵ زیاترین ڕۆڵیان لە خەبات دژی ژنکوژی و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستان هەبووە و لە ڕاستای هەستیارکردنی کۆمەڵگە و ڕەتکردنەوەی نەریتە هەڵە و پیاوسالارەکاندا بوون؛ لەم ڕێگایەدا دەسبەسەر کران و هەموو ئەنجومەنەکانی تایبەت بە ژنان مۆڵەتەکانیان هەڵوەشانەوە یا چیدیکە مۆڵەتیان پێ نادرێت.

چالاکان، میدیاکان و ناوەندە مافی مرۆییەکانیش نە تەنیا نکۆڵی لە هەواڵی ژنکوژی و خۆکوژییەکان ناکەن و نایانشارنەوە، بەڵکوو بە ئامانجی ئاگایی بەخشین بە کۆمەڵگە و هەستیارکردنی بیری گشتی، هەوڵ دەدەن قامک بخەنە سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و وەکوو پرسی گشتی کاریان لەسەر بکەن و بیانناسێنن.

پرسی گرینگی دیکە ئەوەیە کە قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژ، کەسانێکی دەستەوەستان نین بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا بینەری خۆکوژی و ژنانێکی کوژراو بووین کە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە نەریت و هەڵاوردانەەکان گیانی خۆیان لەدەست داوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە ئەم نووسینە بۆ باسکردن لە قورسی و قووڵایی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و تێکهاڵانی ساختارەکان لەگەڵ خەسارەکانە، چونکە خوێندنەوەی یەک لایەنە لەم پرسە بە تەواوەتی هەڵەیە.