سنووری بانه؛ برینداربوونی نەوید حەسەنی، کاسبکاری تەمەن ٢٢ ساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

16:37 - 20 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، کاسبکارێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی نەوید حەسەنی، خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "بروێشکان"ی ئەم شارە لاقی بریندار کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، کاسبکارێکی دیکە بە ناوی "ڕێبوار ڕەشیدی" خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەم شارە لاقی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە نیزامییەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی ڕاستەوخۆیان لەم دوو کاسبکارە کردووە.

بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان، ڕێبوار ڕەشیدی و نەوید حەسەنی، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون.

سەرلەبەیانیی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، ٧ کۆڵبەری کورد لە سنووری نەوسوود و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژران و بریندار کران. ئەیووب محەممەدی، خێزاندار و باوکی منداڵیک لەم ڕووداوەدا گیانی لەدەست دا.