پیرانشار؛ ئاکام خزرزاده بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا

21:12 - 10 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئاکام (عەبدولسەلام) خزرزادە" خەڵکی گوندی "کانی بداغ" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە پاش دەرچوونی حوکمی دەسبەسەرکرانەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئاکام خزرزادە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی "گواستنەوە و ڕاگرتنی چەک" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی" بە دوو ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درا و ئەم سزایە لە بانەمەڕی ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ئاکام خزرزادە لەدایکبووی ١٣٧٥، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.