سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

19:09 - 24 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم وانەبێژی زمانی کوردییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە.

سووسەن حەسەنزادە، ڕۆژی چوارشەمە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی ١٧ ساڵ وانەوتنەوەی زمانی کوردیی لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سووسەن حەسەنزادە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.