ورمێ؛ دەسبەسەرکرانی یوونس نەبیزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

00:12 - 20 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یوونس نەبیزادە" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی عیسا خەڵکی گوندی "دەلو" سەر بە ناوچەی دزەی دۆڵی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە دەرەوەی ماڵەکەی لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی یوونس نەبیزادە، بە مەبەستی پشکنین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووس، شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی یوونس نەبیزادە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.