بەندیخانەی نەغەده؛ حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

00:09 - 8 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کورد بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣، حاجی بەرزە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

حاجی بەرزە برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە شاری پیرانشارە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا. 

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.