ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، ناڕازیی لەسێدارەدراو بە ٦ ساڵ بەندکران سزا درا

09:16 - 2 جۆزەردان 2724

ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، ناڕازیی لەسێدارەدراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە ٦ ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی سزای دیاریکراوی دادگای سەرەتایی کە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لە بەندیخانەدا بە ماشەڵڵا کەرەمی ڕاگەیەندراوە، ناوبراو بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا دراوە.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەج بەڕێوە چوو و دادگا گۆڕینی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتی بەپێی قەراری تەئمین و ئازادیی کاتیی ناوبراوی ڕەت کردەوە.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٤٠٢، عەلی شەریفزادە ئەردەکانی پارێزەری ماشەڵڵا کەرەمی لە وتووێژ لەگەڵ "ئێمتیداد" وتبووی: "لە داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی بریگرتەکەم، چوار تۆمەتی وەپاڵدراو ناوبراو دراوە کە دوو تۆمەتیان بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی دادگای ئینقلابی کەرەج کراون و دوو تۆمەتی دیکەش لە شاری نەزەرئاباد کاریان لەسەر دەکرێ. تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە دادگای ئینقلاب، ماددەی ٥٠٠ چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام، و ماددەی ٦١٩ کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی بووە. تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی پێوەندیدار بە دادگای کەیفەری ٢ش، ماددەی ٢ی یاسای وەرگرتنی دارایی ناڕەوا و ماددەی ٩ی یاسای خەبات دژی سپیکردنەوەی پارە ڕاگەیەندراوە."

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە یێلکترۆنییەکانیان لێ وەرگرت و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشیان بلۆک کرد.

ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش سێ مانگ دەسبەسەرکران لە دابڕگەوە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.