تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شنۆ کوژران و برینداربوونی ٣ کەسی بەدواوە بوو

23:24 - 1 جۆزەردان 2724

ڕۆژی سێشەممە یەکی جۆزەردانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیسماعیل عەزوزەمە" کوڕی کەریم و خەڵکی گوندی "میراوێ" سەر بە شاری شنۆ بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی "کێلەشین"ی شنۆ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهاری چووەتە بەرزاییەکانی کێلەشین.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لەم ڕووداوەدا دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سەید هادی مووسەوی" تەمەن ٢٦ ساڵ و "سەید هێمن مووسەوی" تەمەن ٢٧ ساڵ بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

ئیسماعیل عەزوزەمە تەمەن ٣٦، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە.