پیرانشار؛ چوار هاووڵاتیی کورد سەرجەم بە ١٧ سال بەندکران سزا دران

01:24 - 26 بانەمەڕ 2724

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سلێمان سالک" خەڵکی مەهاباد، "ئاکام (عەبدولسەلام) خزرزادە" خەڵکی گوندی "کانی بداغ" سەر بە شاری پیرانشار، "عوسمان دڵسۆز" و "هەژار (عەبدولڕەحیم) دڵسۆز" خەڵکی گوندی "زێوکە" سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی" لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا سەرجەم بە ١٧ ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دادگا ئەم چوار هاووڵاتییەی بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی "ڕاگرتنی چەک" تۆمەتبار کردووە و بەپێی سزای دەرکراو، سلێمان سالک بە ١٠ ساڵ بەندکران و هەرکام لەو سێ هاووڵاتییەکەی تر بە ٢ ساڵ بەندکران سزا دراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سزایانە لە ماوەی ڕۆژانی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەر و دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بەم چوار هاووڵاتییە ڕاگەیەندراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە لە ماوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانیان لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سلێمان سالک بانگی لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار کراوە و سزای یەک ساڵ بەندکرانیش بۆ "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران" بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

سزای دەرکراو دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە بە بوونی خۆیان بووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا لە دادگای پێداچوونەوەدا دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.

سلێمان سالک لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٢ و خەلکی مەهاباد، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگای پیرانشار - مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا و ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سلێمان سالک ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠١ پاش بانگکران بۆ دادگای پیرانشار سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەروەها عوسمان دڵسۆز لەدایکبووی ١٣٣٧، هەژار دڵسۆز لەدایکبووی ١٣٧٣ و ئاکام خزرزادە لەدایکبووی ١٣٧٥، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزران.

عوسمان دڵسۆز و ئاکام خزرزادە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران و ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەروەها هەژار دڵسۆز پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هەژار دڵسۆز، عوسمان دڵسۆز، سلێمان سالک و ئاکام خزرزادە