پیرانشار؛ سزای موحسن قادری گۆڕدرا

12:29 - 25 بانەمەڕ 2724

سزای داسەپاو بەسەر موحسن (مستەفا) قادری، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی "گەزگەسک" سەر بە ساری پیرانشار گۆڕدرا به (رأی باز) و ناوبراو دەتوانێ ماوەی سزاکەی بە کارکردن لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣وە ماوەی سزاکەی خۆی لە دەرەوەی بەندیخانە و بە کارکردن تێدەپەڕێنێ.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.

بانەمەڕی ١٤٠٢، موحسن (مستەفا) قادری لەلایەن لقی ١٠٢ ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، موحسن قادری، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.