بەهمەن نادری بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان کرا

17:36 - 15 بانەمەڕ 2724

بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە کرا.

ئەم هاووڵاتییە بەپێی بەڵگەیەک کە لە ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕدا پێی گەیشتووە، دەبێ لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕدا بە مەبەستی ئاخرین بەرگری لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان ئامادە بێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کرماشان بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ڕوونکردنەوەی پێ درا و پاش چەند کاتژمێر دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەهمەن نادری لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە بوونی خۆی لە دادگای ئینقلانی کرماشان پێی ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بۆ تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەڕیوەبردنی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چووبوو.

بەهمەن نادری لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەهمەن نادری خێزاندار و لەدایکبووی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٦٩یە.