شوێنی نیشتەجێبوونی گەشتیاریی "شانشینـ"ـی مەریوان بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ داخرا

19:19 - 14 خاکەلێوه 2724

مۆزەخانەی لادێیی و نیشتەجیبوونی گەشتیاریی "شانشینـ"ـی مەریوان بەهۆی "لەبەرچاونەگرتنی حیجاب و ژەنینی مۆسیقا لەلایەن کچانەوە" داخرا.

بەپێی گرتەیەکی ویدیۆیی کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی گەشتیاری و کولتووری بڵاو کرواەتەوە، دامەزراوە پێوەندیدارەکان بە دەرکردنی ئەو میوانانە کە سویتی گەشتیارییان بە کرێ گرتبوو، شوێنەکەیان داخستووە.

بەڕێوەبەری ئەم شوێنە لە ڤیدیۆکەدا ڕوونی دەکاتەوە کە دوو ڕۆژ پێش کۆتایی هاتنی نەورۆز، گرووپێکی مۆسیقای منداڵانی مەریوان پاش بەربانگ مۆسیقا و گۆرانییان بۆ دایک و باوکیان پێشکەش کردووە کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون و لە ئامادەبوونیاندا ئەرکی من نییە بەبیری کچەکانیان بهێنمەوە کە حیجاب لەبەرچاو بگرن.

بەڕێوەبەری ئەم نیشتەجێبوونە لە کۆتاییدا دەڵێت: "خۆشبەختانە ئەمساڵ لە زۆربەی گوندەکان و شوێنە جیاوازەکان نەورۆز و ئاهەنگگێڕان بەڕێوەچوونە، من پرسیار دەکەم بۆچی ئەوان دەستیان خستووەتە سەر "شانشین".

شوێنی نیشتەجێبوونی "شانشین" لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٩ وەکوو شوێنێکی گەشتیاری و کولتووری لە شاری مەریوان کرایەوە. ئەم شوێنە مۆزەخانەیەکی لادێیی و نیشتەجێبوونیی هەیە بۆ ئاشنابوون بە نەریت و کەلتوور و تەلارسازی و خۆراکی نێوخۆیی و ئامرازەکانی کار و ژیانی خەڵکی هەورامان و مەریوان.