بۆکان؛ گێڕانەوەیەک لە چەندین جار تەقەی سەدان گولـلەی ساچمەیی و ڕاگرتنی چەک لەسەر زگی مەحموود عەبدی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

11:29 - 26 رەشەمه 2723

ئێوارەی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، مەحموود عەبدی، خۆپیشاندەرێکی تەمەن ۴۳ ساڵ، یاریدەدەری برینداران و خەڵکی بۆکان، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە گشتییەکانی ئەو شارە لەگەڵ ژمارەیەک، ڕۆڵی خۆڕێکخستن بۆ یارمەتیدانی بریندارەکانی لە ئەستۆ گرتبوو، چوار جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەکرێتە ئامانجی ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ گولـلەی ساچمەیی و بە سەختی بریندار دەبێت.

مەحموود عەبدی بەهۆی تەقەی گولـلەی ساچمەیی، ئانیشکی دەستی چەپی، هەر دوو لای کەلەکەی، لاقی، بەشێک لە ڕان و پشتی بە سەختی بریندار دەبێت.
ناوبراو پاش ماوەیەک خەواندن لە بەشی  ICUی نەخۆشخانە و بە نهێنی مانەوە لە نێوخۆ، پاش ناسینەوە و ڕاودوونانی ناوندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکرانی، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ‌دەهێڵێت.

کوردپا بەشێوەی تایبەتی چۆنیەتیی بریندار و کوژراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڵگەدار دەخاتە ڕوو. ئەمجارەش لە وتووێژ لەگەڵ "مەحموود عەبدی"، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی بۆکان، پەڕژاوەتە سەر شێوازی برینداربوونی ناوبراو لە ڕەوتی خۆپیشاندانە گشتییەکان.

شێوازی بەشداریکردنی مەحموود عەبدی لە خۆپیشاندانە گشتییەکانی بۆکان و خۆڕێکخستنی گرووپی بە مەبەستی گواستنەوە و چارەسەرکردنی پزیشکیی برینداربووان؛

مەحموود عەبدی، خۆپیشاندەر و یاریدەدەری بریندارابووان، لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانە گشتییەکان لە بۆکان و خۆڕێکخستنی گروپەکە بە کوردپای وت: "لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە ڕۆژانی سەرەتاوە بەشداریمان لە خۆپیشاندانەکاندا دەکرد، لەو کاتەوە کە "پریشکێکی سەرەتایی شۆڕش" لێ درا. کاتێک بینیمان کە خۆپیشاندانەکان دەبنە شۆڕشێکی شۆڕشگێڕانە، خۆمان ڕێکخست و بڕیارمان دا گروپێک پێک بهێنین بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی بریندارەکان".

ئەو لەربارەی چۆنیەتیی خۆڕێکخستن دەڵێت: "بڕیار درا کە خانە بچووکەکانی پێکهاتوو لە چەند کەسێک لە گەڕەکە جیاوازەکان بڵاو بکرێنەوە کە دەستپێشخەری سەرەکیی خۆپیشاندانەکان بوون. من لەگەڵ هاوڕێیەکم بە ناوی "ئیسماعیل کەرامەتی" لەسەر ڕێگای شەقامی "حەسار و عەشایر" کارم دەکرد. کارەکە بەم شێوازە بوو کە کەرامەتی ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی ئۆتۆمبێلی کەسێکی ناسیاو ڕادەگرت و ئێمە لەگەڵ چەند کەسێکی ناسیاوی دیکە هاواهەنگیمان دەکرد کە ئەگەر لە خۆپیشاندەران کەسێک بریندار دەبوو خێرا بۆ ماڵەکانیان دەیانمانگواستەوە".

هەرچەندە زۆر جار ناچار بووین بەبێ هاواهەنگی، بۆ ماڵەکانی خەڵک پەنا ببەین بەڵام ئەوان باشتر و زیاتر بەشدار بوون لە یارمەتیدانی بریندارەکان. دەتوانم بڵێم کە خۆڕێکخستنی خەڵکی بوکان وەک هەر شارێکی دیکە زۆر ڕەنگدانەوەی بوو و هەر گرووپێک بەشێک لە کارەکەی وە ئەستۆ دەگرت.

"دڕندەیی" هێزە سەرکوتکەرەکان لە مانگی ڕێبەندانی ۱۴۰۲ و چەندین جار تەقەکردنی سەدان گولـلەی ساچمەیی ئامانجدار لە مەحموود عەبدی؛

بە وتەی "مەحموود عەبدی"، لە مانگی خەزەڵوەری ۱۴۰۲، ئاستی سەرکوتکردن و "دڕندەیی" دەسەڵاتداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران و حکومەت گەیشتە لوتکەی خۆی. سەرکوتکەرەکان بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێک هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لە شەقامەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد؛ تەنها لە مانگی ڕێبەندان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە هەموو تەمەنەکاندا کوژران و بریندار بوون.

ئەو خۆپیشاندەرە بۆکانییە سەبارەت بە بریندابوونی خۆی دەڵێت: "لە ئێوارەی ٢٨ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، لەحاڵێکدا لەگەڵ "ئیسماعیل کەرامەتی" دوای ئەوەی یارمەتیی چەند هاوڵاتییەکی مەدەنیمان دەدا، ئێمە بەرەو ئۆتۆمبێلەکە دەڕۆیشتین، لە شەقامی مزگەوتی "حەزرەتی حەمزە" لە پشتەوە لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی سەرکوتکەرەوە کە چراکانی کوژاندبووەوە، تەقەمان لێ کرا. دەستبەجێ هەر یەکێک لە ئێمە بەرەو لایەک هەڵهاتین، بەڵام چەند گولـلەیەک بەر لاق و ڕانم کەوت. هێزە سەرکوتکەرەکان بە ئۆتۆمبێل بە دوای من کەوتن، کاتێک نزیک بوونەوە لە من، لە پشتەوە دیسانەوە چەند گولـلەیەکیان لە ئانیشکی دەستی چەپم دا و بە سەختی بریندار کرام".

هێزە سەرکوتکەرەکان بەردەوامن لە ڕاودوونان و تەقەکردن لە مەحموود عەبدی، ناوبراو هەوڵ دەدات بگاتە ناو کۆڵانێک، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدات باداتەوە ناو کۆڵانەکە، بەهۆی سەختیی برینی ئەو گولـلە ساچمەییانە کە لە پشت و ئانیشتکی درابوو، دەکەوێتە سەر زەوی.

مەحموود عەبدی بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی ئەم ساتانە؛ دوای ماوەیەکی کورت کە کەوتمە سەر زەوی، ئۆتۆمبێلی هێزە سەرکوتکەرەکانم لەبەردەم خۆمدا بینی و چاوەڕێم دەکرد کە دەستبەسەرم بکەن و لەگەڵ خۆیان بمبەن. بەڵام یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان کە لە تەنیشت شۆفێرەکەوە دانیشتبوو لە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە تەقەی لێ کردم و چەندین گولـلەی ساچمەیی لە لای ڕاستی زگم هەڵدا. پاشان تەقەکەرەکە لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزی و بە بێڕێزیکردن و جنێوان دەستی کرد بە هێرشێکی قورس بە چەکەکەیەوە. ئەو ڕاستەوخۆ چەکەکەی خستە سەر زگم و چەندین تەقەی لە ناوزگم کرد.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت هێزە سەرکوتکەرەکان پێیان وا بوو کە من بە زووترین کات گیانم لەدەست دەدەم هەربۆیە منیان بە نیمەگیانی بەجێهیشت.

چوار جار تەقەکردنی سەدان گولـلەی ساچمەیی بە شەش بەش لە جەستەی مەحموود عەبدی؛

مەحموود عەبدی لە ئاکامی لانیکەم چوار جار تەقەکردن لێی، ئانیشکی دەستی چەپی، هەر دوو لای کەلەکەی، لاقی، بەشێک لە ڕان و پشتی بە سەختی بریندار دەبێت. ناوبراو دەکرێتە ئامانجی ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ گولـلەی ساچمەیی.

ئەو خۆپیشاندەرە تەمەن ٤٣ ساڵەی بوکانییە دەڵێت لە ئەنجامی تەقەی ژمارەیەکی زۆر لە گولـلە ساچمەییەکان، ئانیشکی چەپم شکاوە و هێشتا گولـلە لە نزیک دەمارەکانی ئانیشکم ماونەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، هێشتا زیاتر لە ۴۰۰ گولـلە لە بەلەک، بەشێک لە ڕان، پشت، ئانیشکی دەستی چەپم و هەردوو لای کەلەکەم ماونەتەوە، هەروەها لە هەردوو لای دەوروبەری زگم و قەبەزەی سینگم ئازارێکی زۆرم هەیە.

مەحموود عەبدی بەڕوونی لە شەقامی "حەسار ــ شەقامی مزگەوتی حەزرەتی حەمزە" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتییەوە دەکرێتە ئاماجی گولـلە.

ڕاگواستنی مەحموود عەبدی بۆ شوێنێکی ئەمن لەلایەن خەڵکەوە و پاشان ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە و خەوێندرانی لە بەشی ICU:

کاتێک مەحموود عەبدی بەجێدەهێڵرێت، خەڵکەکە بەپەلە دەڕۆن بۆ یارمەتیدانی، "ئیسماعیل کەرامەتی"، هاوڕێی مەحموود عەبدی دەگەڕێتەوە لای و لەگەڵ خەڵکەکە دەیگوازێتەوە بۆ شوێنێکی ئەمن.

ئەو خۆپیشاندەرە بریندارە سەبارەت بە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە دەڵێت: "دوای ئەوەی من گواسترامەوە بۆ شوێنێکی ئەمن بۆ چارەسەری پزیشکی، ژمارەیەک لە پزیشک و پەرستارەکان کە لەگەڵ ئێمەدا کاریان دەکرد و یارمەتیمانیان دەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە لەبەر ئەوەی مەترسیی خوێنبەربوونی ناوەکی لە ناوچەی زگەوەم هەبوو، باشتر بوو بگوازرێمەوە بۆ نەخۆشخانە".

کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە بەپەلە بۆ ژووری نەشتەرگەری ڕەوانە کرام و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر و نیو لەژێر نەشتەرگەریدا بووم. پاشان لە بەشی ICUی نەخۆشخانە خەوێندرام.

مەرەخەسیی پێشوەختە لە نەخۆشخانە بە ڕەزامەندیی خودی مەحموود عەبدی و چەندین مانگ مانەوە بە نهێنی لە ماڵی یەکێک لە ناسیاوەکان؛

پاش ئەنجامی نەشتەرگەری، مەحموود عەبدی بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان دەخەوێندرێت، بەڵام لە ترسی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بە ڕەزامەندیی خۆی مەرەخەس دەکرێت.



ناوبراو لەم بارەیەوە بۆ کوردپای شی دەکاتەوە "پاش ١٢ ڕۆژ خەواندنم لە نەخۆشخانە، پێش ئەوەی چارەسەریی پزیشکیم تەواو بکرێت لە ترسی دەسبەسەرکرانم لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە ڕەزامەندیی خۆم مەرەخەس کرام و چەندین مانگ لە ماڵی یەکێک لە ناسیاوەکانمان بە نهێنی دەژیام. چۆنکە لە ماڵەکەی خۆمدا لە ترسی دەسبسەرکران و ئەشکەنجە و ئازاری هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەمنییەتم نەبوو".

چوونەدەرەوەی زۆرەملێ لە نێوخۆ بەهۆی ناسینەوە و هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی مەحموود عەبدی بە مەبەستی دەسبەسەرکرانی؛
  
ئەو یارمەتیدەرە برینداربووە پاش ماوەیەک سەرەڕای ئازار و ئێشی جەستە دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی. بەڵام بەهۆی ناسینەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێت.

ناوبراو لەم بارەیەوە بە کوردپا دەڵێت: "سەرەتاکانی بەهاری ١٤٠٢ بوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاوڕێکەم "ئیسماعیل کەرامەتی"، هەروەها لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە پەیوەندییان لەگەڵم گرت کە خۆم ڕادەستی ئەو ناوەندە بکەم، بەو هۆیەوە لەگەڵ هاوڕێکەم بڕیارمان دا بۆ ماوەیەک بۆکان بەجێ‌بهێڵین و هەرکاممان بۆ شوێنێکی جیاواز ڕۆیشتین.

مەحموود عەبدی لە پەیوەندی لەگەڵ بەردەوامبوونی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات لەو ماوەیە کە لە شوێنێکی نادیار خۆم هەشار دابوو، هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکرانی من هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەم. لە کۆتاییدا بەهۆی بەردەوامبوونی گوشارەکانیان بۆ دەسبەسەرکرانم بڕیارم دا زێدی خۆم بەجێ بهێڵم و هاوکات لەگەڵ هاوڕێکەم "ئیسماعیل کەرامەتی" کە چەند مانگ دەبوو خۆمان حەشار دابوو و بە نهێنی دەژیایین، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٢، نێوخۆمان بەجێ‌هێشت.

مەحموود عەبدی؛

مەحموود عەبدی، کوڕی "عەبدوڵڵا و ئۆم‌هانی"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٨ لە شاری بۆکانە.

ناوبراو لە چالاکانی مەدەنی و فرۆشیاری کەلوپەلی مۆبایل بووە.

مەحموود عەبدی هەنووکە وەکوو پەنابەر و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە.