٨ی مارسی ٢٠٢٤؛ چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی ٩ ژنی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

20:12 - 18 رەشەمه 2723

بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، کوردپا ئامارێکی سەبارەت بە ژنانی بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کردەوە.

بەپێێ ئەم ڕاپۆرتە، ئێستا ٩ ژنی کورد بە ناوەکانی زەینەب جەلالیان، سوعدا خەدیرزادە، موژگان کاوسی، سەکینە پەروانە، ژیلا هۆژەبری، هاجەر سەعیدی، فریشتە حوسێنی، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، یەزد، ورمێ، تۆن کابۆن، مەشهەد و سنە دەسبەسەرن. لەم نێوانەدا وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە شێوەی کاتی دەسبەسەر کراون و ئەوانی دیکە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان لە بەندیخانەدان.

بێبەریبوون لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە، بێبەریبوون لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی، دەستێوەردان و دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی ئەم ژنانە لە گرینگترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانیان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا بووە.

زەینەب جەلالیان؛

زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ و بەندکراو لە بەندیخانەی یەزد؛

زەینەب جەلالیان تەنیا ژنی زیندانیی سیاسیی سزادراو بە بەندکرانی هەتاهەتایی ماوەی ١٧ ساڵە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدایە، ناوبراو ڕەشەمەی ١٣٨٦ دەسبەسەر و چەند مانگ لە ژوری تاکەکەسیدا لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە. دواتر بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و موحاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی ژیانەوەی ئازادی کوردستان (پژاک) بە لەسێدارەدران سزا درا. دواتریش سزاکەی بە یەک دەرەجە داشکاندن بە بەندکرانی هەهەتایی گۆڕدرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ئەم ١٧ ساڵەدا لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە و دۆخی بینایی چاوەکانی نالەبارە و دژایەتیی ئیتلاعات دەسپێڕاگەیشتنی بە پزیشک بەستراوەتەوە بە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە تلویزیۆندا. ناوبراو جیا لە کێشەی بینایی، ئاسم، کێشەی گورچیلە و هەرس و هەروەها نەخۆشییەکانی دەم و ددانی هەیە و لە دۆخێکی نالەباردا دەژیت.

سوعدا خەدیرزادە؛

سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار و بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ لەگەڵ کچەکەی "سۆلینا"؛

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا لە مافی ئازادیی کاتی و مورەخەسی تەنانەت لە کاتی منداڵبوونیشدا بێبەری بووە و لە زیندانە. ناوبراو لە دوو دۆسییەی دادگای ئینقلابی مەهاباد  و پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن"  و"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان"، سەرجەم بە ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران سزا دراوە. پاش ڕەتکرانەوەی تۆمەتەکەی و سزادرانی بە "هاوکاری لە کوشتن" لە دیوانی باڵای وڵات، لە دادگای ئینقلابی میاندواو دۆسییەسازیی نوێی بۆ کراوە و چاوەڕێی سزای تازەیە.

منداڵە بچوکەکەی سوعدا ناسنامەی نییە و توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکەی نییە. ناوبراو لە بەندیخانەی ورمێدا بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعات لە دۆخێکی نالەباردایە و بەم هۆیەوە جارێک هەوڵی خۆکوژیی داوە، ناوبراو لە کاتی دووگیانبوونیشدا چەندین جار داوای مورەخەسیی کردبوو و تەنانەت بە دابینکردنی بارمتەی قورسیش مورەخەسیی پێ نەدرا و بەم هۆیەوە مانی لە خواردن گرت.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لەدایکبووی ٣ی سەرماوەزی ١٣٦٨ـە و کاتێک کە تەمەنی ٩ ساڵ بووە، باوکی لەدەست داوە. دایکی سوعداش لە ساڵانی ڕابردوودا کۆچی دوایی کردووە و ناوبراو تەنیا سێ خوشکی هەن کە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. سوعدا خەدیرزادە بە هۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

موژگان کاوسی؛

موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران و بەندکراو لە بەندخانەی تون کابۆن؛

موژگان کاوسی هاوکات لەگەڵ دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی و بێتاوان ناسران لە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی قائم شار ئازاد کرا.

ناوبراو بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرا و لە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ دا بە مەبەستی جێڤەڤێبوونی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تۆن کابۆن کرا.

موژگان کاوسی پێشینەی سزاردانی هەیە و ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠، بە وەرگرتنی مورەخەسیی بەستراو بە ئازادی لە بەندیخانەی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا.

سەکینە پەروانە؛

سەکینە پەروان بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی خوراسان و بەندکراو لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد؛

سەکینە پەروانە لە نیمەی دووهەمی ساڵی ٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیزری و سەبارەت بە سزای تەواوکەر بە ٢ ساڵ بێبەیبوون لە ئەندامەتی لە گرووپە سیاسییەکان سزا درا. ناوبراو کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە لێخۆشبوون ئازاد کرا.

ناوبراو خاکەلێوەی ١٤٠٢، دوابەدوای چوون بۆ سەر مەزاری عەلی موزەفەری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لەم شارە کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا پاش ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران لەم ناوەندە بۆ زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی وڵات، پروپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە ڕێبەر"، سەرجەم بە ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی خوراسانی ڕەزەوی پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو چەندین جار لە بەندیخانەدا ڕاگوێزراوە و بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە مافەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

ژیلا هۆژەبری؛

ژیلا هۆژەبری بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان و بەندکراو لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە؛

ژیلا هۆژەبری گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ناوبراو زستانی ١٤٠١دا بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکان"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "گوێنەدان بە مەئمووری دەوڵەت"، سەرجەم بە ٧ ساڵ بەندکران و بەپێی ماددەی ١٣٤، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکرانی بۆ جێبەجێ کرا.

پاش قەبووڵکردنی سزاکە لەلایەن ناوبراوەوە، سزاکەی بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ کەم کرایەوە. ناوبراو نێوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانی کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە کرا.

هاجەر سەعیدی؛

هاجەر سەعیدی چالاکی کرێکاری و مافی ژنان، خەڵکی سنە و بەندکراو لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتی سنە؛

هاجەر سەعیدی ، ٢٧ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە دەسبەسەر کرا.

ناوبراو بە تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتییە نەتەوەیی ولات لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپی کۆمۆنیستی"، بە ٢ ساڵ بەندکران سزا درا کە ئەم سزایە لە لقی ٤ی داداگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە یەک ساڵ بەندکران گۆڕدرا. نابراو ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی یەک ساڵەی  حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کرا.

هاجەر سەعیدی، گەلاوێژی ١٣٩٩ش، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاری"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کرابوو.

فریشتە حوسێنی؛

فریشتە حوسێنی ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٨ ڕۆژ لە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو ڕێبەندانی ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درا و کۆتاییەکانی ١٤٠٢ ئەم سزایە لە داداگای پێداچوونەووەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.

وریشە مورادی؛

وەیشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی سنە و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین؛

وریشە مورادی (جوانا سنە) ژنە چالاکی کورد، گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرا و پاش لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرا. ناوبراو ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە کرا.

وریشە مورادی لە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ و لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی پێ درا.

وریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

پەخشان عەزیزی؛

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی مەهاباد و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین؛

پەخشان عەزیزی چالاکی بواری ژنان، ڕۆژنامەوان و دەرچووی بواری مەدەدکاریی کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی پیشوو، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا. ناوبراو لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا و پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا، پەخشان لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ٥ی دادسەرای ئەمنییەتیی ئێڤینەوە سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی ڕوونکردنەوەی پێ درا و بە "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات"، تۆمەتبار کرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە