بۆکان؛ حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران

12:05 - 16 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار" خەڵکی شاری بۆکان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان، بۆ بەندیخانەی ئەو شارە، ڕاگوێزران.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە، هەر کامیان بە ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوون.

حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەر، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.