ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی؛ دەسبەسەرکران، بەندکران و سزادانی ١٨ چالاکی زمان و وێژەی کوردی هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

22:20 - 2 رەشەمه 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر سەرکوتی چالاکانی زمان و وێژەی کوردی لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە؛

٨ کەس لە چالاکانی زمان و وێژەی کوردی، بە ٤٨ ساڵ بەندکران، لێدانی ٨٠ قامچی و دوو کەسیشیان بە دوورخرانەوە سزا دراون.

لەم نێوانەدا، ٦ کەس لە وانەبێژان و چالاکانی دیکەی بواری زمانی کوردی دەسبەسەر کراون کە ٥ کەسیان هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. بەڵام ڕەشاد پەرویزی هەروا دەسبەسەرە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێ.

دەسبەسەرکران و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ٦ کەس لە شاعیران و چالاکانی بواری وێژەی کوردیش بەشێک لە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی چالاکانی بواری زمان و وێژەی کوردی بوو.

٧ کەسیان ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بوون.

وانەبێژانی سزادراو بە بەندکران؛

موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران؛ موژگان کاوسی ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، سزای ٤٨ مانگ بەندکران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "بێڕێزی بە ڕێبەر" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بۆ بەندیخانەی تۆنکابۆن ڕاگوێزرا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. موژگان کاوسی پێشتر پێشینەی دەسبەسەرکران و سزادرانی هەبووە.

سەیوان ئیبراهیمی؛ وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین؛ سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزمی گشتی" دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا. ناوبراو هەروەها لێدانی ٤٠ قامچیشی بەسەردا سەپاوە. سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

سروە پوورمحەممەدی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین؛ سروە پوورمحەممەدی ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەتۆمەتی " دروستکردنی گرووپ و دەستە" بە ١٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا. ناوبراو ڕێبەندانی ١٤٠١، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە دادگای ئینقلابی سنەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئیدریس مینبەری، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین؛ ئیدریس مینبەری ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپ" بە ١٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا. ناوبراو لە دۆسییەیەکی تردا بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی دێزلاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درا. ناوبراو ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

واران محەممەدنژاد، کارناسی باڵای هونەر و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەلایەتیی "نۆژین"؛ واران محەممەدنژاد، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، بانگهێشتی خەڵک بۆ لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی دامەزراوەی زانستی کوردستان؛ سیرووس عەباسی ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا. دواتریش لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا لە بەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو لە دادگادا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "تێکدانی نەزمی گشتی" و "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٦ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا درابوو. ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ئازاد کرا. سیرووس عەباسی لە ساڵی ٩٩دا دوو جار بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢، وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتی چالاکیی دامەزراوەی زانستی کوردستانی بە هۆی "بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لەم فێرگەیە، پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵوەشاندەوە.

ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی دێولان؛ ئازاد عەباسی ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا. ناوبراو لە دادگادا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام'، "تێکدانی نەزمی گشتی" و "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٦ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا درابوو، ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ دەسبەسەر و ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە بەندیخانە ئازاد کرا. دواتر لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ دەسبەسەر و ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەشکان فەهیم، چالاکی بواری فەرهەنگ و وێژەی خەڵكی مەهاباد؛ ئەشکان فەهیم ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا.

چالاکان و وانەبێژانی دەسبەسەرکراو؛

ئەحمەد غوڵامی، وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بانە؛ ناوبراو ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی و دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، ڕۆژی ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕەشاد پەرویزی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ کۆمەڵایەتیی نۆژین و خەڵکی کامێران؛ ناوبراو ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە  دەسبەسەر کرا و هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ڕەشاد پەرویزی، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

سۆما پوورمحەممەدی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"؛ ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا. دواتر لە ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئومید موشیرپەناهی ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"؛ ناوبراو ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا. دواتر لە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن و بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

سروە ڕەحمانی‌پوور، چالاکی مەدەنی و بواری زمانی خەڵکی دێولان؛ ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، سروە ڕەحمانی‌پوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە توندویژییەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی، ئازاد عەباسی و سیرووس عەباسی دەسبەسەر کرا.

دوکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا، خەڵکی ئیلام، بەرپرسی پێشووی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی و لە مامۆستایانی گرووپی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان؛ ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، دوکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا لە کاتی گەڕانەوە لە کۆبوونەوەی زانکۆی کوردستان بۆ ماڵەکەی خۆی لە ماشینەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو پێشتر بەیانییەی مامۆستایانی زانکۆی کوردستانی لە ناڕەزایەتی بە سەرکوت و دەسبەسەرکرانی خوێندکاران بە زمانی ئاڵمانی خوێندبووەوە. ناوبراو ڕۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، هەواڵی دەرکرانی خۆی لە لێژنەی زانستیی زانکۆی کوردستانی بڵاو کردەوە.

دەسبەسەرکران و گوشار بۆ سەر چالاکانی بواری وێژە و شاعیرانی کورد؛

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پەرویز بابایی، شاعیر و نووسەری خەڵكی پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، بێهرووز یاسمی، شاعیر و نووسەری خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی ٢١ی خەزەلوەری ١٤٠١، لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئێحسان موتەعالی، شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی کرماشان، کە لە کاتی بوومەلەرزە و لافاودا یارمەتیی خەڵکی لە بەلووچستان و خوززستان و کرماشان دابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەشکان عومەرجوویی، خوێندکاری زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە سنە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی کەیۆمەرس ئەکبەری، شاعیر و نووسەری خەڵكی کرماشان و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەیدا گرت. کەیۆمەرس ئەمیری ناسراو بە لەک ئەمیر پێشتر بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لێپرسینەوەی لێ کرابوو و بەرنامەکانیان هەڵوەشاندبووەوە و گوشاریان خستبووە سەری.

ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان، کە گۆرانییەکانی بۆ پشتیوانی لە فەرهەنگ و زمانی کوردی بووە، پاش چەند جار هۆشداریدان و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بڕیاری دەسبەسەرکردنی بۆ دەرکرا و هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی تاکوو ئێستا دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە