وریشە مورادی، ژنە چالاکی کورد تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ

00:13 - 21 رێبەندان 2723

وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ و لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی پێ درا، تۆمەتێک کە ئەتوانێ دەرکرانی سزای قورسی بەدواوە بێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار بانگی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کراوە و تۆمەتی "بەغی"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانی دراوەتە پاڵ.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دۆسییەی جوانا سنە پاش دەرکرانی بەڵگەی دادستانی، ڕادەستی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانبار، وریشە مورادی پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە، ڕەوانەی بەندی ژنانی ئەم زیندانە کرا.

ئەم چالاکە کوردە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا یەک جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.

 وریشە مورادی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرابوو.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

کۆمەڵکەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی هاوڕێ جوانا سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەم ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."

هەروەها ئەم ڕێکخراوەی ژنانە، داوا لە ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکات سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی و "سێناریۆسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان" دژی ناوبراو، ڕێوشوێنی پێویست لەبەر بگرن.