ژیلا هۆژەبری بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کرا

23:39 - 18 رێبەندان 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژیلا هۆژەبری، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کراوە.

ژیلا هۆژەبری زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی بۆکانەوە، بە تۆمەتی  "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکان"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "گوێنەدان بە مەئمووری دەوڵەت"، سەرجەم بە ٧ ساڵ بەندکران و بەپێی ماددەی ١٣٤، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکرانی بۆ جێبەجێ دەکرێ.

پاش قەبووڵکردنی سزاکە لەلایەن ناوبراوەوە، سزاکەی بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ کەم کرایەوە.

ژیلا هۆژەبری گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش یەک مانگ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.