پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ئازاد خانچەزەڕ، چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە دادگای پێداچوونەوە

01:26 - 17 سەرماوەز 2723

حوکمی زیندانی ئازاد خانچەزەڕ، چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەریوان، لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا، پشتڕاست کرایەوە.

لقی چواری دادگای پێداچووونەوەی پارێزگای سنە، ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە ڕەتکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە حوکمی ئەم هاووڵاتییەدا، حوکمی دەرکراوی پشتڕاست کردەوە.

دادگای ئینقلابی مەریوان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە، ئازاد خانچەزەڕی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی دنیا مەجازییەوە"، بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کردبوو.

ئازاد خانچەزەڕ، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە، یەکی ڕەشەمە،ی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.