جووتیار ئەشرەفزادە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

05:03 - 16 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی سەرماوەز، جووتیار ئەشرەفزادە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

جووتیار ئەشرەفزادە، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢١ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هەروەها، مەهوەش تەوەسولی، هاوسەری ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە هەمان تۆمەت، بە دوو ساڵ چاوەدێری بە پێبەندی ئێلکترۆنیکییەوە مەحکووم کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، جووتیار ئەشرەفزادە و مەهوەش تەوەسولی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.