شنۆ؛ ٩ هاووڵاتیی کورد سەرجەم بە ٢٧ ساڵ و پێنج مانگ زیندان مەحکووم کران
٩ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یەعقووب مەحموودیئازەر"، "خۆشناو عەینی"، "پیرۆت تابناک"، "یووسف ڕەحمانی"، "خزر عەبدوڵڵاهی"، "فەرهەنگ کەرامەت"، "بەهمەن مەحموودیئازەر"، "موحسن عەزیزی" و "عوسمان حەمزەزادە"، خەڵکی شنۆ، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی"، سەرجەم بە ٢٧ ساڵ و پێنج مانگ زیندان مەحکووم کران.
دادگا، ئەم ٩ هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەکراو، یەعقووب مەحمووودیئازەر بە ٧ ساڵ زیندان، خۆشناو عەینی بە ٢ ساڵ زیندان، پیرۆت تابناک بە ٢ ساڵ زیندان، یووسف ڕەحمانی بە ٢ ساڵ و پێنج مانگ زیندان، خزر عەبدوڵڵاهی بە یەک ساڵ زیندان، فەرهەنگ کەرامەت بە ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندان، بەهمەن مەحموودیئازەر بە ٧ ساڵ زیندان، موحسن عەزیزی بە دوو ساڵ زیندان و عوسمان حەمزەزادە بە یەک ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کراون.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا بۆ یەعقووب مەحموودیئازەر و بەهمەن مەحموودیئازەر جێبەجێ دەکرێ.
حوکمی دەرکراو، دژی ئەم ٩ هاووڵاتییە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١، یەعقووب مەحموودیئازەر خەڵکی گوندی "سینگان"، سەر بە شاری شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١، فەرهەنگ کەرامەت و پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.
موحسن عەزیزی، خەڵکی شنۆ و خۆشناو عەینی خەڵكی گوندی "سینگان"ی شنۆ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١، بەهمەن مەحموودیئازەر، خەڵکی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی گەلاوێژی هەمان ساڵ لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، خەڵکی شنۆ و عوسمان حەمزەزادە، خەڵكی گوندی "قوروشاوێ"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.