ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی پێنج زیندانیی عەقیدەتیی کورد کە مەترسیی لەسێدارەدرانیان لەسەرە: بێدەنگ بن تا لانیکەم تەرمی لەسێدارەدراوانتان پێ بدەینەوە

19:24 - 12 سەرماوەز 2723

دوابەدوای لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، دوو زیندانیی عەقیدەتیی کورد لە ڕۆژانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢، ئەگەری لەسێدارەدرانی کەسانی تر کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵیان هەبووە، بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی زۆر بووەتەوە و بنەماڵەی ئەوانەی کە لە سێدارە دراون و ئەوانەش کە مەترسیی لەسێدارەدرانیان لەسەرە، لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پاش جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، بنەماڵەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی کەوتوونەتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان تاکوو سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی منداڵەکانیان بێدەنگ بن، ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمە بێت، لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرن.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی ئەم بنەماڵانە لە ئاستێکدا بووە کە سەرەڕای بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەیووب کەریمیدا، هیچ فیلم و ڤیدیۆیەک لەم ڕێوڕەسمە بڵاو نەکراوەتەوە.

گوشارەکان بۆ سەر ئەم بنەماڵانە لە ئاستێکدا بووە کە ڕۆژانە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە دەگرن و دەڵێن، منداڵەکانیان لە سێدارە دەدەن، بەڵام کاتێ بنەماڵەکان دەچنە کەرەج، پێیان دەوترێت کە شتی وا ڕووی نەداوە.

لەلایەکی ترەوە، بنەماڵەی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لەژێر گوشاردان تاکوو سەبارەت بە لەسێدارەدرانی منداڵەکانیان بێدەنگ بن. هەر لەم پێوەندییەدا، دوو ڕۆژ پێش لەسێدارەدرانی ئەیووب کەریمی، براکەی بە ناوی زەکەریا کەریمی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەردەشت دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووسیشی تاکوو ئێستا زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەی کەریمی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی زەکەریا و بۆ ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە شتێکی لێ نەیەت، سەبارەت بە لەسێدارەدرانی ئەیووب کەریمی بێدەنگن. تەنانەت هەواڵی دەسبەسەرکرانی زەکەریا کەریمی، ٤ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکرانی و لەلایەن خەڵکەوە، بە میدیایی کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە عەقیدەتییە کوردە بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خوازیاری گوشاری زیاتر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارادانی باقی تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەیە.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییانە، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون. پاش ١٤ ساڵ زیندانیبوون، حوکمی لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا لە زیندانی قزلحساری کەرەج، لە سێدارە دران.

دۆسییەی ئەم زیندانییانە، لە ساڵی ١٣٩٨دا پاش پشتڕاستکرانەوە، ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا. هەروەها ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات، داواکاریی دادڕەسیی ئەم زیندانییانەی ڕەت کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەز هەتا سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران. ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دران.

بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کراون و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ئەم زیندانییانە، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤، کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ زیندانییە بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقسیە، بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ حوکمی لەسێدارەدرانەکە دەر کرا و بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.  پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە.

پاش ڕەوانەکرانی ئەم دۆسییەیە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا، ئەم ٧ زیندانییە جارێکی دیکە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران. پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە، دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ٤١ دیوانی باڵای وڵات کرا و لە ڕێبەندانی ٩٨دا ئەم حوکمە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بشارەت، لە پووشپەری ساڵی ١٣٩٨دا، لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی مامۆستایەکی ئایینیی سووننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا، مەحکووم کران. بەپێی حوکمی دەرکراو کە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩دا بەم زیندانییانە ڕاگەیەندرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن"، هەر کام بە ١٠ ساڵ زیندان و کامران شێخە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، بە قیساس مەحکووم کران.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، پاش داخران و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕيوانەی زیندانی قزلحسار کران.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە