بانە؛ برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت

15:37 - 28 خەزەڵوەر 2723

سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی "کەماڵ خزری"، خەڵکی بۆکان، "ماهان مووسەوی"، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەقز و "شەهرام مورادوەیسی"، تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە بریندار کران.

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، شەهرام مورادوەیسی، لە کاتی کۆڵبەریدا، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت دەست و لاقی بەتوندی بریندار  بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەفای سەقز کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٢٦ی خەزەڵوەر، ماهان مووسەوی، کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارە کرا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، کەماڵ خزری لەگەڵ گرووپێک لە کۆڵبەران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ کراوە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزراوە.

ئەم سێ کۆڵبەرە، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.