ئارمیتا گراوەند پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران لەدەست دا

13:48 - 6 خەزەڵوەر 2723

ئارمیتا گراوەند، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ، پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئیرنا، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر، هەواڵی مەرگی ئەم کچە تەمەن ١٧ ساڵەی بڵاو و پشتڕاست کردەوە.

ئەم هەواڵدەرییە نووسیبووی: "بەپێی گریمانەی فەرمیی پزیشکانی، ئارمیتا گراوەند پاش دابەزینی یەکجاریی زەختی خوێن، بەر دەبێتەوە و سەر و مێشکی تووشی کێشە دەبێ و ئۆکسیژن بە مێشکی ناگا."

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەواڵێک سەبارەت بە "لەهۆشچوون"ی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە مێترۆی تاران (هێڵی ٤٧ مێترۆ) و ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی دوابەدوای "خەسارگەیشتن بە مێشک"ی بڵاو کرایەوە. ئارمیتا گراوەند و دوو کەسی دیکە لە هاوڕێکانی لە کاتێکدا کە مەقنەعەیان بە سەرەوە نەبووە "لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت تووشی دەمەقاڵێ دەبن و ئەوان پاڵ بە ئارمیتاوە دەنێن و سەری لە ئاسنێک دەدا"، "دابەزینی زەختی خوێنیش  بە هۆی خوێن لەبەر ڕۆیشتن لە نێو کەلـلەسەری" هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا)، بەشێک لە فیلمی کامێرای چاوەدێریی مێترۆی گۆڕەپانی شوهەدای تارانی بە بێ ئەو بەشانەی کە کاتی هاتنەژوورەوەی ئارمیتا بۆ نێو وێستگە و واگۆنەکە نیشان دەدات، بڵاو کردەوە. پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی نێو واگۆنەکە و کاتی چوونەژوورەوەی ئارمیتا لەو بارەوە گرینگە کە گێڕانەوەی هەندێک لە شایەتحاڵان باس لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکوومەت بە هۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجاب لەلایەن ئارمیتا و هاوڕێکانی لەم دوو شوێنەدا دەکات.

لە هەمان ڕۆژدا "مریەم لوتفی"، هەواڵنێری بەشی کۆمەڵایەتیی "شەبەکەی شەرق" کە بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاپۆرت سەردانی نەخۆشخانەی فەجری کردبوو، دەسبەسەر کرا. شەبەکەی شەرق، پاش یەک کاتژمێر هەواڵی ئازادبوونی ئەم هەواڵنێرەی بە پێداچوونەوەی هەواڵی سەرەتایی و سڕینەوەی بەشی "سەردانی ناوبراو لە نەخۆشخانەی فەجر بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرت"، بڵاو کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هواڵدەریی ئیرنا سەرلەنوێ وتووێژێکی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵەیە بە بێ ئاماژەکردن بە ناوی خۆی و دایک و باوکی بڵاو کردەوە. بە سەرنجدان بە وتەی دایکی ئارمیتا کە دەڵێ: "وابزانم، وتیان زەختی دابەزیوە" و باوکیشی دەڵێ، "نازانم لەهۆش خۆی چووە یا چی بووە". بە ئەگەری زۆرەوە ئەم بنەماڵەیە هێشتا نازانن ڕاستیی ڕووداوەکە چۆن بووە و ڕاپۆرتەکەی ئیرناش زیاتر پێداگری لەسەر وەدرۆخستنەوەی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن بنەماڵەکەوە لەمەڕ هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکوومەت دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران ڕایگەیاند: "بەرپرسی حەراسەتی وەزارەتی پەروەردە چووەتە ئەو قوتابخانەی کە ئامیتا تێێدا خەریکی خوێندن بووە و بە هەڕەشەکردن لە مامۆستایانی ئەم قوتابییە ڕایگەیاندوە کە بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵ یان تەنانەت وێنەیەک لە ئارمیتا گراوەند لە سۆشیاڵ میدیا و لەلایەن مامۆستایانی ئەم قوتابییەوە، سزای قورسی بەدواوە دەبێ و مامۆستایەک کە ئەم هەڕەشەیە بە جیددی وەرنەگرێت، لە کارەکەی دەر دەکرێ."

ئارمیتا گراوەند، لەدایکبووی ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ە و بنەماڵەکەی خەڵکی کۆیەشتی لوڕستانن کە کۆچیان بۆ تاران کردووە.