زیندانی ورمێ؛ نایب عەسکەری بە لەسێدارەدران مەحکووم کرایەوە

16:07 - 1 خەزەڵوەر 2723

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ورمێ، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە حوکمەکەی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "بەغی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

نایب عەسکەری ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە بێ بەشداریی خۆی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە لە سێدارەدران مەحکووم کرابوو.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم زیندانییە سیاسییە بە حوکمی موحاربە و داوای کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە ناڕەزایەتی لەم بوارەدا، چەندین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە ناوەندە دادوەرییەکاندا بە بێ بوونی پارێزەرەکەی بەڕێوە چوو. لە کۆتاییدا دادگا، تۆمەتی ناوبراوی لە "موحاربە"ەوە بۆ "بەغی" گۆڕی و سەرلەنوێ بە لەسێدارەدرانی مەحکووم کردەوە.

ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەو تۆمەتانەیە کە لە دۆسییەی ناوبراودا ئاماژەی پێ کراوە.

هێرانا لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە ڕایگەیاند: "نایب، لە دادگای کەیفەریی ورمێدا جگە لە بەغی دۆسییەیەکی دیکەی لە گەڕدایە سەبارەت بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی یەکێک کە ئەندامانی سپای پاسداران بە ناوی "مستەفا سوڵتانی".

هێرانا لە زاری ئەم سەرچاوە ئاگادارەوە ڕایگەیاند: “مستەفا سوڵتانی کە وەکوو کادری کوژراوی سپا لە دۆسییەکەدا باسی لێ کرواە، ساڵی ١٣٩٣ لە دەرگیری لەگەڵ ئەندامانی یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆندا بریندار بوو و چەند ساڵ دواتر واتە لە ساڵی ١٣٩٩ بە هۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد، سەرەڕای ماوە زەمەنییەکە، بنەماڵەی سوڵتانی بە ئامادەکردنی سکاڵایەک دژی نایب عەسکەری ڕایاگەیاند، کە ناوبراو لەو دەرگیرییەدا کە برینداربوونی مستەفا سوڵتانیی لێ کەوتووەتەوە بەشدار بووە و مەرگی ناوبراو نە بە هۆی کۆرۆنا بەڵکوو بەهۆی برینداربوون لەم دەرگیرییەدا بووە."

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و پاش سێ مانگ ڕاگیران لە گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە، نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان بۆ چارەسەری ناوبراو لە دەرەوەی زیندان، بە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانیی بێبەری بووە.

نایب عەسکەری، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠، لەگەڵ زیندانییانی زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕاگواستنی ئەم زیندانییانە بۆ بەندی سەروو ئەمنییەتی، مانی لە خواردن گرتبوو.

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، ئەم زیندانییە سیاسییە دوابەدوای دەرگیری لە نێوان چەند کەس لە زیندانییانی سیاسی و زیندانییانی تاوانە گشتییەکان، لەسەر سکاڵای بەرپرسی زیندانی ناوەندیی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی "کەیهان موکەڕەم" و "نایب حاجی‌زادە"، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی زیندان"، بە لێدانی ٥٠ قامچی و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

نایب عەسکەری باوکی دوو منداڵی ٨ و ١١ ساڵەیە.