سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی تارق ڕەحیم‌پوور

18:35 - 18 رەزبەر 2723

سەرەڕای تێپەڕینی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی تارق ڕەحیم‌پوور، کوڕی مووسا و هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە، زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ڕەحیم‌پوور، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، خۆ دەبوێرن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تارق ڕەحیم‌پوور، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاردایە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانان، ١٢ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان بە توندوتیژییەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردبوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩، تارق ڕەحیم‌پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٤ ساڵ زیندانی تەعلیقی و سەبارەت بە سکاڵای سپای پاسداران بەنیسبەت "گوێنەدان و بێڕێزیکردن بە حکوومەت و هێزەکانی حکوومەت" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.