بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هێمن کرمانج، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

11:38 - 16 رەزبەر 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هێمن کرمانج، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، ناوبراو هەروا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی هێمن کرمانج بە بنەماڵەکەی، خۆیان بواردووە.

هێمن کرمانج، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "یاسیکەند"، سەر بە بۆکان، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگوێزرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.